ئاڕاستەی یۆرۆ لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بۆساڵی 2016 ئایا ئاستەكانی 1.23 پێشبینی دەكرێت؟

 
شیكاری كاردۆ كه‌مال
 
 

تێبینی : ئەم شیكردنەوەیەو چەند شیكردنەوەیەكی دیكەم كە هەوڵ ئەدەم بیكەمەوە بە زمانی كوردی لەلایەن banc de) binary) بە پێشبینی ساڵی 2016 پەسەندكرا.

ئەگەر تەماشای مێژووی ئابووری ئەڵمانیا بكەین دەبینین ئابووری ئەو وڵاتە لە ساڵانی 1972 وە بەشێوەیەكی زۆر خێرا گەشەكردنی بەخۆیەوە بینیوە،هەر ئەمەش بووە هۆكارێك كە لە نێوان ساڵانی 1989 تا 1992 ماركی ئەڵمانی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لە ئاستەكانی 1.60 مامەڵە بكات،واتە بەهای هەر ماركێك لە بەرامبەر 1 دۆلار و 60 سەنتدا بووە،ئەو كات بەشێك لە شرۆڤەكارانی ئابووری پێیان وابوو كە ئەمە هەڵاوسانێكە كەلەبەهای ماركدا هەیە بۆیە بەشێكیان پێشبینیان دەكرد كە بەهای ڕاستەقینەی مارك لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی ئاستەكانی 1.23 یە.
مێژووی خۆی دووبارە دەكاتەوە،ئێستا كاتی ئەوەیە كە گرنگی ئاستەكانی 1.23 بزانین بەڵام ئەم جارەیان بۆ مارك نا بەڵكە بۆ یۆرۆ لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی.
لەدوای پێنج خول لە بەرزكردنەوەی نرخی سوود لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە،بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرزترین ئاستی تۆماركرد لە چوار خولیدا،ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت كە ئاڕاستەی دۆلاری ئەمریكی پەیوەندیەكی پێچەوانەی هەیە لەگەڵ خولەكانی نرخی سوود دا.
بەرزبوونەوەی یۆرۆ لەبەرامبەری دۆلاری ئەمریكی تەنها بەربەستێك نابێت لەبەردەم پەیڕەوكردنی سیاسەتی پاڵپشتی نەختی لەلایەن بانكی ناوەندی ئەوروپاوە بەڵكو شۆكێكی گەورەش دەبێت بۆ بەشێكی زۆر لەبازرگانان و وەبەرهێنەران،بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2014ەوە ئەوان پێشبینی دەكەن كە یەكسان بوونی بەهای یۆرۆ لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دەبێت ڕووبدات بەڵام بابەتەكە تەنها پەیوەستە بەكاتەوە.
لەسەر ئاستی ئابووری گشتیش،ئاڕاستەی دۆلاری ئەمریكی بە گرنگترین فاكتەرە دادەنرێت بۆ دەستنیشانكردنی داهاتی سەرجەم جۆری ئەسپاردەكان،لێرەدا خاڵی سەرەكی هاوكێشەكەمان بۆ دەردەكەوێت،ئەگەر بێت و بەهای دۆلاری ئەمریكی دانەبەزێت ئەوا ڕكودێكی گەورە ڕوودەدات لەسەر ئاستی ئابووری جیهان،بەم شێوەیەش دۆلاری ئەمریكی لە هێزی ئەو قەرزانە زیاد دەكات كە گرێدراوە بە بەهای دراوی سەوز لە بازاڕە تازە گەشەكردووەكاندا،هەروەها دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی قازانجی كۆمپانیا ئەمریكیە زەبەلاحەكان،لەگەڵ ئەوەشدا گەشەكردنی سەرجەم بازاڕە تازە گەشەكردووەكان ڕوو لە لاوازبوون دەكات كە لەئێستادا قەبارەی ئەو بازاڕانە 50% كۆی گشتی بازاڕی جیهان پێك دەهێنێت.
بە واتایەكی دیكە،لاوازبوونی بەهای دۆلاری ئەمریكی بە باشترین ڕێگا بۆ ئابووری جیهان دادەنرێت بەمەبەستی گەڕانەوەی هاوسەنگی و تۆماركردنی ئاستێكی بەرزتر لەگەشەكردن ئەگەر بێت و هەریەكە لە سیاسەتە نەختی و داراییەكان ڕوڵی سەرەكی خۆیان بگێڕن.
لەماوەی ئەم دووساڵەدا بەشێوەیەكی گشتی ئەوروپا زیادەبوونی لە هەژماری ڕەوان تۆماركردووە،ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەوروپادا،بەشێوەیەكی مەنتقی دەبێت ئەم دوو هۆكارە ببنە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای یۆرۆ نەك دابەزینی،بۆیە بەهای یۆرۆ لە ئێستادا ئەوەمان پێدەڵێت كە ڕەنگە ئەمە كۆتایی ڕێگاكەبێت و دووبارە بگەڕێنەوە بۆ قۆناغەكانی لاوازبوونی دۆلار بەتایبەتی ئەگەر بێت و سیاسەتی نەختی ئەمریكا و فاكتەرەكانی گەشەكردنی ئابووری جیهان نەبنە ڕێگر لەبەردەم تەواوبوونی هاوكێشەكە.

 
 
 

 

Powered by Myfxbook.com

 

 

 

 

 

 

 

Contact

financial times kurdistan

07503812822

یادگار سدیق قه‌سره‌یی

Make a free websiteWebnode