بانكی نێودەوڵەتی بەرەو كوێ ئاراستەمان دەكات؟

 
 

 

 

 

 

شەماڵ نوری

"حكومەت داوای لەبانكی نێودەوڵەتی كرد((هاوكاری هەرێم بكەن بۆ هەستانەوە لەقەیرانی دارایی و چۆنیەتی پلاندانان بۆ گەشە))؛ بانكەكەش تیمێكی بۆ ئەم مەبەستە پێكهێناو چەند پێشنیارو راسپاردەیەكی لەدووتوێی راپۆرتێكدا ئامادە كرد، بەڵام نە تیمەكەی بانكی نێودەوڵەتی و نە لێپرسراوانی ئابووری لەم هەرێمەدا بەروونی نازانن راسپاردەو پێشنیارەكانی بانكەكە دۆخەكەی هەرێم بەرەو كوێ ئاراستە دەكات"

 كاری ئەو بانكە لەوڵاتانی تازەپێگەیشتوو یا دواكەوتوو هەروا بووە راسپاردەو پێشنیارەكانی بە مۆركێكی )پۆلیسی( بەڕێوەچووەو لەگەڵ باری بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و كەمی داهاتی تاكەكەسی و رێژەی هەژاری ناگونجێت، بەرادەیەك راسپاردەو پێشنیارەكانی بانكی نێودەوڵەتی لەناو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ پێی دەوترێت( مەرجە دژە مرۆڤایەتیەكان)، ئەو پارتە سیاسییە فەرمانڕەوانەشی لەوڵاتانی دواكەوتوو یا تازەپێگەیشتوو كە بەقسەی پێشنیارەكانی بانكەكەیان كردووە ناچاربوون رووبەرووی واقیعێكی سەخت ببنەوە لەگەڵ زۆرینەی هاوڵاتیاندا، دەرئەنجامیش فەرمانڕەواكان لەسندوقی دەنگدانەكاندا باجی قورسیان داوەتەوەو لێپرسراوانی بانكەكەش بەفریایان نەكەوتوون، بەپێچەوانەی پارت و كەسایەتییە پۆپۆلیستەكانەوە كە سوودیان لە دۆخەكە وەرگرتووەو بە قسەی باق و بریق و بەڵێن و مژدەی خەیاڵی ئابوورییانە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە.

"ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندی بە سایكۆلۆژیای تاكی كوردو بارودۆخی ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و ساڵانی زێڕینی حەڤتاكان و هەشتاكانەوە نییە كە ئەو كات پێترۆ دۆلار خۆشگوزەرانی بۆ كۆمەڵگەو چینی ناوەڕاست هێناو عەقڵیەتی سۆشیالیستی و كەرتی گشتی بەرهەمهێناو تائێستاش لەناو ئەكادیمی و رۆشنبیران ئەو میتۆدە زاڵە" 

بەمشێوەیە قەرزە مەرجدارەكانی بانكی نێودەوڵەتی جگە لەوەی لەگەڵ سایكۆلۆژیای خەڵكی دا ناگونجێت بانكەكەش نەیتوانیوە لەرووی راگەیاندن و هۆشیارییەوە پێشنیارو راسپاردەكانی بۆ خەڵكی روون بكاتەوە، چونكە ئەوە كێشەی ئەوان نییە بەڵكو كێشەی حكومەت و پارتە سیاسییەكانە بۆ دەنگدەرانیان روون بكەنەوە كە بۆچی ئەو ئاراستەو هەنگاوانە دەنێن، لەمەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرووی وتەبێژی و راگەیاندنەوە زۆر زۆر لاوازەو لەئاست ئەو شەپۆلەی میدیاو كەناڵەكانی راگەیاندندا نین، لەبەرامبەردا ئەوەی بەلای بانكی نێودەوڵەتیەوە گرنگە بودجەیەك بۆ توێژینەوەكانیان تەرخانبكرێت بەرادەیەك لە 60-70%خەرجیەكانی توێژینەوەی تیمەكانیان بۆ خەرجییەكانی سەفەرو مانەوەو نانخواردن دەڕوات یاخود ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە لەرێگەی قەرزەكانیانەوە تاچەند ئەو كۆمپانیاو رێكخراوانەی لەوانەوە نزیكن هەلی وەبەرهێنانیان دەست دەكەوێت لەچەندین بوار، وەكو چۆن لەبواری كارەبادا لەهەرێمی كوردستان بانكی نێودەوڵەتی 1 ملیارو 150 ملیۆن دۆلاریان بەگەڕخستووە، بەڵام لەكەرتێكدا پارەیان وەبەرهێناوە كە زۆرترین خەرجی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو كەرتە دەچێت تەنانەت پێشنیارەكانیان بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان تەنیا بارگرانی بۆ سەر گیرڤانی هاوڵاتیانی لێدەكەوێتەوە نەك كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبا.

لایەنێكی دیكە كە تێبینی دەكرێت لەسەر پێشنیارو راسپاردەكانی بانكی نێودەوڵەتی مەسەلەی كورت مەودایە نەك رەهەندی دوور مەوداو ئامانجی ستراتیژی، واتا ئەوان رەچاوی ئەم قۆناغە سەختەی خراپبوونی باری بژێوی خەڵكی ناكەن بەپێچەوانەوە مەرجی قورستر بەسەر چینی ناوەندو هەژاراندا دەسەپێنن، بەتایبەتی لەبواری دەستهەڵگرتن لە پاڵپشتی و پشتگیری سوتەمەنی و كارەباو خۆراك و تەندروستی. ئەوەی لە راپۆرتەكانی بانكی نێودەوڵەتی زۆر بەزەقی باسی دەكرێت كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتە لەرێگەی رادەستكردنی كەرتی گشتی بۆ كەرتی تایبەت؛ ئالێرەدا میتۆدەكەی بانكی نێودەوڵەتی دووچاری ئیشكالاتی ئابووری واقیعبین دەبێتەوە بەتایبەتی میتۆدی ریكاردۆ هاوسمان لە دەستنیشانكردنی رێگرییەكان و بیركردنەوە لەرێگا كورت مەوداكان كە رەنگە ئابووریش ببوژێنێتەوە بەڵام لەم دۆخەدا لەخزمەتی خەڵكدا نەبێت. بۆ سەلماندنی رەخنەكان توێژەرەوانی ئابووری ئەم پرسیارە بێ وەڵامانە دەوروژێنن كە پێویستە راوێژكارو شارەزایانی بانكەكە وەڵامیان بدەنەوە( ئایا ئابووری هەرێمی كوردستان ئابوورییەكی سۆشیالیستییە تاوەكو ئاراستەی بەرەو سەرمایەداری بكەی؟ ئایا تەنیا لەرێگەی كەرتی تایبەت و ئابووری سەرمایەدارییەوە گەشە روودەدات؟ 

ئەگەر وەڵامەكە بەبەڵێ بێت ئەی بۆچی لەوڵاتانی ئەسكەندەناڤیاو بەریتانیا كەرتی هاوبەشی تایبەت و گشتی بوونی هەیە؟ ئایا ئەگەر بانكی نێودەوڵەتی لەرێگەی رێكخراوو كۆمپانیاكانەوە كە وەبەرهێنان دەكات دەبێت خۆشی پێشنیارو راسپاردە دەربكات ئەمە دوو فاقی نییە لەبەریەككەوتەی بەرژەوەندییەكان؟ لەمەش خراپتر وڵاتێك كە كێشەی ململانێی حزبی و بەرژەوەندی ئیقلیمی و دەستێوەردانی دەرەكی و دژایەتیكردنی حكومەتی عێراقی بەرامبەر ئەنجام بدرێت هێشتا زووە بیر لەرێگە چارەسەرە زانستیەكان بكرێتەوە، بانكی نێودەوڵەتی دەیەوێت هەموو سێكتەرەكان رادەستی كەرتی تایبەت بكات لەكاتێكدا كەرتی تایبەت رێك نەخراوەو گوتارێكی یەكگرتووی نییە، زۆربەی گەندەڵیەكان و ناشەفافییەت و گەمەكردن بەبەهای خزمەتگوزارییەكان و نرخەكانەوە بەهۆی كەرتی تایبەتەوەیە ئیتر چۆن ئەو كەرتە دەبێتە فریادڕەسی دۆخەكە. 

لایەنێكی تری كەموكورتیەكانی بانكەكە پشتگوێخستنی سەندیكاو رێكخراوەكانی ئابوورییە لەم هەرێمەدا كە تەنیا سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان زیاتر لە 7 هەزار ئەندامی لە خاوەن بڕوانامەی بكارلیۆس و ماستەرو دبلۆمی باڵاو دكتۆراو تەنانەت پرۆفیسۆری هەیە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو راستییە بزانن كە مومكین نییە لەناو توێژینەوەو راپۆرتەكانی بانكی نێودەوڵەتی دا راپۆرتێك هەبێت باس لە بوژانەوەی ئابووری كوردستان بكات چونكە كۆمەڵگەو وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا هەریەكەو سیستەمی ئابووری بازاڕو تەنانەت سۆشیالیستیش بەپێی واقیعی وڵاتەكەیان جێبەجێ كردووە، ئێمەش دەبێت بەووردی سەرنجی ژینگەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی نەك تەنیا كوردستان بین بەڵكو عێراق و وڵاتانی دراوسێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. بەپێچەوانەوە پارتی فەرمانڕەوا نەك تەنیا لەحوكمڕانی دا هەنگاوەكانی شكست دەهێنێت بەڵكو وەكو دەنگدانیش ژمارەی دەنگەكان و لایەنگرانی زۆر كەم دەبێتەوە.

 

بابەتەکانی تری نوسەر

 

 

Powered by Myfxbook.com

 

 

 

 

 

 

 

Contact

financial times kurdistan

07503812822

یادگار سدیق قه‌سره‌یی

Make a free websiteWebnode