ناڕێكی لەدابەشكردنی كارو پێدانی موچەدا

 

 

 

 

 

شەماڵ نوری 

 

ئادەم سمث فەیلەسوفی بەناوبانگی ئابووری كلاسیكی كە بە باوكی زانستی ئابووری و ئەخلاق لە ئابووریدا دادەنرێت, سەبارەت بە (كاركردن) دەڵێت: ( ئەوەم پێ بدەن كە پێویستم پێیەتی، ئەوەتان پێ دەدەم كە پێویستیتان پێی هەیە)، لەكوردستاندا وتەی ئەم بیرمەندە ئابوورییە وەك گاڵتەجاری لێهاتووە، حكومەت موچەیەكی بەرز بە پەرلەمانتارو حزبەكان و خانەنشینی پلە تایبەت و چەندین پۆست و پلەی تری تایبەتی دەدات بێ ئەوەی بەرهەمێكی ئەوتۆیان لي وەربگرێتەوە، بگرە كێ موچەكەی بەرز بێت دەنگی ناڕەزایەتی زوڵاڵترەو لەسەر شاشەكانی تیڤی هات و هاوارێتی بەرامبەر بەو حكومەتەی موچەكەی پێدەدات، تەنانەت لە هەموو خەوش و كەموكوڕییەكانی حكومەت و ئەو بوارەی كەخۆشی بەرپرسیارە تێیدا خۆی بێبەری دەكات، بەهاوشێوەی ئەو حزبە سیاسییانەی كە پێیەكیان لەناو فەزای حكومەتێكی بنكە فراواندایەو پێیەكەی تریان لە ئۆپۆزسیۆندایە. ئەمە لەكاتێكدا هەزارەها گەنجی ئەم وڵاتە بەخاوەن بڕوانامەو بێ بڕوانامەشەوە لەكەمترین هەلی كار و دەرفەتی دۆزینەوەی كار بێ بەشن، تەنانەت گەنجە دامەزراوەكانیش لەبەر كەمی موچە و پاشەكەوتە زۆرە ملێیەكە كارەكەیان بێ بەها كراوە، بێ بەهاكردنی كار لەكۆمەڵگەیەكدا كە لە 60%ی خەڵكەكەی لەنێوان تەمەنی 15-35 ساڵیدان و بە كۆمەڵگەی گەنجان دادەنرێت مەترسی شاراوەی خۆی هەیە. 

"سمیس پێی وایە راستە پارە پاڵنەرێكی غەریزی مرۆڤە بەڵام بەدەر لەچەمكی ئەخلاق ئامرازێكی خێر نییە، ئەوەی ئەمڕۆش لەكوردستان لەبواری موچەدا روو دەدات ئەو هەڵپەیەی بەدەستهێنانی قازانج و پارەیە كە زۆر لە موچە بەرزەكان و پەرلەمانتاران و دەوڵەمەندەكان و سیاسەتمەداران تێی كەوتوون" 

هەربۆیە بوونی ئەو هەموو كەموكورتیانەی كە لەبواری كارو موچەدا هەیە رێگرە لەبەردەم بەرهەمهێنانی گەنجێكی داهێنەرو بەتوانا، گەر مرۆڤ لەكۆمەڵگە سەرەتاییەكان لەناو چوارچێوەی كۆمەڵگەیەكی پڕ لەبەرهەمدا بووە  ئەوا گەنجی ئەمڕۆ جیاوازە لەجاران و ئێستا لەناو بازنەی كۆمەڵگەیەكی پڕ لە پێداویستی  و خولیاو ئارەزوودایە، ئەو لەم 25 ساڵەدا تێر بووە لەقسەی باق و بریق و لێدوان و پەیاننامەو هاتوهاوار. گەنج هەلی كاری راستەقینەو پڕ لەداهێنان و بەرهەمی دەوێت. من گرفتە گەورەكە لە بێ روئیاو ستراتیژییەتی حكومەتدا دەبینم نەك لەفرتوفێڵی لێدوان و قسەی موچە بەرزەكان، بەتایبەتی كاتێك گوێبستی بەگەڕخستنی گەنجان لەكەرتی تایبەت دەبم ئەو كەرتە تایبەتەی هەرخۆشی بڕوای پێی نییە، ئەگینا بەدەرنەدەبوو لە ریفۆرم و هەنگاوەكانی چاكسازیی.

 ناكرێت گەنجێكی ئەم وڵاتە بەهەموو بڕوانامەو شارەزاییەوە روو لە كارێك بكات ئەوەندە لای خاوەن كارەكە  بێ بەها كرابێت حسابی كرێكارێكی ئەسیوبی و ئاسیایی بۆ بكات، ئەمڕۆ كار ئەوەندە بێ بەها كراوە و نادادپەروەی تێدا كراوە بەروونی لەناو حكومەت و كەرتی تایبەتیشدا ئەو جیاوازییە گەورەیە دەبینیت، بەڕادەیەك ئەگەر موچە خۆرێكی حكومەت یەك دوو كاری تر لەپەنا كارەكەیدا نەكات ناتوانێت بچوكترین و كەمترین پێداویستیەكانی ژیانی دەستەبەر بێت، لەبەرامبەردا مووچە بەرزەكان كە ئەوەندە سەقفیان بەرز كراوەتەوە بۆ بوون بەئەندام پەرلەمان و دەستكەوتنی موچەیەكی خانەنشینی هەتا هەتایی دەیان پاڵەوان و سۆپەرمانی سەر كەناڵەكانی تیڤی دروست كردووە، لەهەمووشی سەیرتر كاتێك باسی ئابووری دەكەن سەرجەم هاوكێشەو تێور و زاراوە ئابوورییەكان تێكەڵ و پێكەڵ دەكەن و تێكەڵەیەك لەسیستەمی ئابووری وا دەخەنە روو كە ئابووریناسێك رووی نایەت تەنانەت گوێبستیشی بێت.

 گۆڕینی ئەم واقیعە بەپاڵەوانەكانی موچە بەرزەكانی سەر تیڤی یەكان و چەنەبازەكانی ناو حزبەكان ناكرێت، چونكە گەڕانەوەی بەهای كارو سیستەمێكی رێكوپێكی موچەو دادپەروەرانە لەغیابی بوونی دامەزراوەكاندا نەك هەر زەحمەتە بەڵكو كارێكی ئاستەمیشە، گرنگ نییە ئەو دامەزراوەیە لەكەرتی گشتی یە یاخود كەرتی تایبەت گرنگ ئەوەیە فریای چارەسەركردنی ئەو هەموو نادادپەروەرییە نێوان فەرقی جیاوازی موچەكان بكەوین و بەها بۆ كار بگەڕێنینەوەو ئاستی موچەكان بەپێی بەرهەم و داهێنانەكان بێت، چونكە جیاوازی نێوان موچەكان و داهاتەكان واقیعێكی وای خوڵقاندووە كە رێژەی هەژاری و نرخ هەڵاوسانی زیاتر كردووە، بەمەش موچە بەرزەكان گەنجەكان دەخەنە ناو تۆڕی واقیعێكەوە كە بڕوایان بەدیالۆگ و گفتوگۆ نەبێت و تەنیا كار بۆ سڕینەوەی بەرامبەرو رەتكردنەوەی ئەوی دیكە بكەن، بگرە رێگای هاتونەهاتی هەندەران بگرنە بەرو هیچ ئومێدێكیان بەداهاتووی كوردستان نەمێنێت.

بابەتەکانی تری نوسەر

Powered by Myfxbook.com

 

 

 

 

 

 

 

Contact

financial times kurdistan

07503812822

یادگار سدیق قه‌سره‌یی

Make a free websiteWebnode