ئابوری هۆڵندا
داھاتی ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٦دا زیاتر لە ٥٠٠ملیار یۆرۆ بوە و ھەر لە ھەمان ساڵدا گەشەی ئابوری ٣% بوە. نرخی ھەڵاوسان لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٧ بە ڕێژەی ٢% بوە.ڕێژەی بێکاریش لەو ماوەیەدا نزیکەی ٢% بوە کە دەکاتە ٤٠٠ ھەزار کەس، بگرە کەمتریش. ھۆڵەندا لە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی گوڵ پلەی یەکەمی جیھانی ھەیە. ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دو کۆڵەکەی سەرەکی ئابوری ھۆڵەندان. لە گەڵ بچوکی روبەری وڵاتەکەشیان دیسان ھۆڵەندیەکان رۆڵێکی کارا و بەرچاویان ھەیە لە بازرگانی و پیشەی بانکداری جیھانی. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین بازاری بەرھەمەکانی ھۆڵەندایە و ھەروەھا وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا گەورەترین ھاوبەشە بازرگانیەکانی ئەم وڵاتەن. ھۆڵەندا خاوەنی زیاتر لە نیوەی پشکی کۆمپانیای غاز و نەوتی شێلەو ئەوی دیکەشی بۆ بەریتانیایە. ئەم کۆمپانیایە کە بەشە ھۆڵەندیەکەی بە رۆیاڵ داچ شێل ناسراوە لە سەرانسەری جیھاندا لە بوارەکانی دۆزینەوەو ھەڵئێنجانی نەوت و غازی سروشتیدا چالاکە. ھۆڵەندا بۆخۆشی خاوەنی ڕێژەیێکی بەرچاو لە غازی سروشتیە. پیشەسازی کەشتی و پاپۆر و پیشەسازی کیمیایی وەک پیشەسازی ڕەسەن و سەرەکی ھۆڵەندایی دەژمێردرێن. لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەم وڵاتە، کۆمپانیای فلیپسە کە بۆ کەرەستەی ئەلەکترۆنی و کۆمپانیای ھاینکێن، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێنانی بیرە. دراوی ئەم وڵاتە بەر لە گۆرینی بۆ یۆرۆ ، گیلدێر یان فلۆرۆن بو.